پنجشنبه ۱۳۹۹/۰۱/۲۱ - 0:8 - فه ره یدون سه ڵه واتی / فریدون صلواتی -
شەوخۆش گوڵی بۆنخۆشی تەمەن، باخی ژیانم
سەر دانێ لە سەر گوڵپەڕەکەی نەرم و نیانم
ئارام بنوو، وا نیوەشەوە، دڵ بە فیدات بێ
شەوخۆشێ بڵێ ئەی بە فیدات ڕوح و گیانم
هیچ دەنگێ لە هیچ لایە نیە غەیری دڵی من
هەر سینەیە دەکوتێ و دەڵێ چەند دڵ نیگەرانم
خەونت نەوەکوو نەختێ بە ئاڵۆزی ببینم
چاوت دەکەمە خەونی هەموو نیوەشەوانم
شەو خۆش بێ ستێرەی گەشی ئاسمان، شەوی تۆ خۆش
دەتبینمەوە ئەی تیشکی هەتاوی لە بەیانم
شەوخۆش گوڵەکەم دەی بنوو، قوربانی خەوت بم
سەر دانێ لە سەرسینگی شێعر، شێعری ڕەوانم
#خاڵە_قازی